KMMK:
شەممە 2ی ڕەشەمەی 2720ی کوردی، شاناز سادقی فەڕ، زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ لە دادگای پێداچوونەوە بە 5 ساڵ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری حوکم درا.
شیاوی باسە کە ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەت بە 15 ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو. لقی دووی دادگای پێداچوونەوەی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ حوکمەکەی بۆ 5 ساڵ و ڕۆژێک داشکان و لە ڕێی ئێلێکترۆنیکیەوە حوکمەکەی پێ ڕاگەیەندراوە.
ناوبراولە دادگا بە ئەندامەتی پارتی ئازادی کوردستان تۆمەتبار کراوە.
شاناز سادقی فەڕ 32ساڵ تەمەن هاوڕێ لە گەڵ کچەکەی ئایناز زارع خەرمانانی 2719ی کوردی، پاش وەرگرتنی ئەماننامە لە سنوور بانە لە گەڕانەوەدا بۆ ڕۆژهەڵات لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
ئەم دوو هاوڵاتییە پاش دەستبەسەری بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری ورمێ ڕاگوازران و ماوەی دوو مانگ لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بوون.
لێکۆڵینەوە و دادگایی شاناز سادقی فەڕ و ئایناز زارع بە شێوەی هاوبەش ڕێکەوتی 31ی پووشپەڕی 2720ی کوردی بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو بە ڕێوە چبوو. و شاناز 15 ساڵ و ئایناز بە 5 ساڵ زیندان مەحکووم کران.
شیاوی باسە کە حۆکمی پێنج ساڵ زیندانی ئایناز زارع یش لەدادگای پێداچوونەوە بۆ ساڵێک زیندان داشکاوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان