پەروەردە بە زمانی دایکی، مافێکه کە زەوت کراوە

KMMK:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، فێرکردن بە زمانی دایکی بە مافێکی سرووشتی و یاسایی نەتەوەکانی بن دەسەڵات و داگیرکاری حکوومەتی ئێران دەزانێ، مافێک کە بووە بە قوربانی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی حکوومەتی ئێران.

زمانی دایکی لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و پەسەند کردنی لە لایەن وڵاتانەوە بەڵگەیەکە لە سەر گرنگی ئەم مافە سرووشتییە کە لە لایەن وڵاتانی توتالیتەری وەکوو ئێران پێشێل کراوە.

جاڕنامەی مافی جیهانی زمانی لە ماددەی 3 پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەموو زمانەکان له مافی هاوسان بایەخمەندن و هیچ زمانێک بانتر له زمانێکی دیکه نییە.
ئەم ماددەیە لە بەندەکانی 1,2 و 3 مافی پەروەردە بە زمانی دایکی هەموو نەتەوەکان و گرووپە ئیتنیکییەکان بە فەرمی بناسێ و داوای لە وڵاتان کردووە کە بواری هاوسانی پەروەردە بە زمانی دایکی بڕەخسێنن.
حکوومەتی ئێران چ لە سەردەمی پەهلەوی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی هەموو کات مافی سرووشتی و مرۆڤی نەتەەی کورد و دیکەی نەتەوەکانی دیکەی پێشێل و قەدەغە کردووە.

تا ئێستا دەیان کەس تەنیا بە بۆنەی فێرکردن و وتنەوەی زمانی کوردی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بە زیندان مەحکووم کراون.

بەو پێیەی نەتەوەکانی بندەستی دەسەڵاتداری حکوومەتی ئێران لە نووسینەوەی یاسای بنەڕەتی ڕۆڵیان نەبووە و لە بەشداری کردنی بێبەری کراون، بچووکترین مافێکیان لەو بوارەدا بۆ لە بەرچاونەگیراوە. تەنیا ل ماددەی‌15ی یاسای بنەڕەتی بە فێرکاری بە زمانی دایکی لە تەنیشت زمانی فارسی ئاماژە پێکراوە، گەر چی ئەم ماددەیەش جێبەجێ نەکراوە.

زمان ئاوێنەی باڵانوێنی شوناسی نەتەوەیی، کەلتووری و سیاسی کۆمەڵگایە، لە حاڵەتێکدا نەتەوەکان لە پەروەردە بە زمانی نەتەوەیی ــ دایکی خۆیان بێبەری بکرێن، لە خولێکی زەمەنی زمان و شوناسیان تووشی لەبیرچوونەوە و ئاسمیلاسیۆنی زمانی و کەلتووری دەبن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی زمانی دایکی، لە کۆمەڵگەی کوردستان، حیزبەکان و دامەزراوەگەلی سیاسی و مەدەنی داوا دەکات کە بەپەلە خوازیاری جێبەجێ کردنی ئەم مافە سرووشتی و یاساییەی خۆیان بن و بەرنگاری سیاسەتی تاک زمانی ئاسمیلاسیۆنی حکوومەتی ئێران ببنەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان