KMMK:
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کۆڵبەرێک بە ناوی یووسف وەتەن دووست لە بانە بریندار بوون و سوختبەرێک بەناوی محەممەد سەنجەر زێهی خەڵکی بەلووچستان بەتەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.
دووشەممە 27ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، کۆڵبەرێک بە ناوی یووسف وەتەن دووست خەڵکی مەریوان، بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانی سنووری هەورامان سەر بە شاری مەریوان، پێی شکاوە.
کەوتنەخوارەوەی ئەم کۆڵبەرە لە کاتێکدایە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕێگە و ڕێڕەوەکانی ناوچەکەیان بە تەواوی داخستووە و بۆیە کۆڵبەران ناچارن بۆ هاتووچۆ لە ناوچە هەڵەت و دژوارەکانەوە کەڵک وەربگرن.
شیاوی باسە کە فەرمانداری هێزی چەکداری ئێران لە پارێزگای سنە باسی گیر و گرفتی زێدەتری دژی کۆڵبەران کردووە و ڕایگەیاندووە کە هێزی چەکداری زۆرتر بۆ ناوچەکە بنێرن.
بە پێی زانیارییەکانی KMMK ئەو کۆڵبەرە بریندارە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانی شاری مەریوان کراوە.
شیاوی باسە کە چوارشەممە 29ی ڕێبەندان، سووتەمەنی بەرێکی بەلووچستانی بە ناوی محەممەد سەنجەر زێهی خەڵکی “سەراوان” حەوت فیشەکی هێزە سنوورییەکانی ئێرانی بەرکەوتووە و کوژراوە.
ئەم سووتەمەنی بەرە هەڵگری گاڵۆنی بەتاڵ بووە. هێزەکانی حکوومەتی ئێران بە بێ هیچ چەشنە هۆشداری پێدانێک داویانەتە بەر دەسڕێژ و کوشتویانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان