KMMK:
یەکشەممە 26ی رێبەندانی 1399ی کوردی، سزای لێدانی قامچی ھادی رۆستەمی لە بەشی 8ی بەڕێوەبردنی تاوانی دادسەرای ئینقیلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بەڕێوە چوو.
شایانی باسە کە ناوبراو ھەروەھا سزا دراوە بە بڕینەوەی چوار لە پەنجەکانی دەستی راستی و لە دوو مانگی رابردوەوە دوو جار دەستی داوەتە خۆکوژی و لە ئێستادا لە ھەلومەرجێکی دەرونی نالەباردایە.
بە پێی زانیاری گەیشتوو؛ ناوبراو بە تۆمەتی بەربەست دروست کردن بۆ ئاسایشی گشتی لە بەشی بەتاوانەکانی دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ سزای 8 مانگ بەندکردن و لێدانی 60 قامچی بەسەردا سەپێندراوە.
مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ رێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە دەرکردنی نوسراوەیەک ناڕەزایەتی لە سەر ئەم سزایە دەربڕی و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی کرد.
ھادی رۆستەمی ھەروەھا مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ نواسراوەیەکی نارد بۆ عەلی ئەکبەری گەڕوسی، سەرۆکی دادگوستەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ و تێدا ئاماژەی بە ئەشکەنجە لە گرتوخانەدا کردبوو و ئەم سزایەی بە نابەرابەر و بە پێی دانپێدانانی زۆرەملی دەزانێت و خوازیاری پێداچونەوەی دووبارەی دۆسیەکەی کرد.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان