لەدرێژەی شەپۆلی دەستبەسەر کردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوار هاوڵاتی دیکەش دەستبەسەرکران

KMMK:

شەممە 11ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، سێ هاوڵاتی خەڵکی گوندی “بانوور” سەر بە شاری پاوە بە ناوەکانی” بەهمەن فەتاحی”، عابید فەتحی و مالک کەریمی” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران ـەوە دەستبەسەر کران.

بە گوێرەی ئەو هەواڵەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ناوبراوان بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی و ڕوون کردنەوەی تاوانەکەیان دەستبەسەر کراون.

لە هەواڵێکی دیکە، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی” پێشەوا ساڵح زادە” چالاکی مەدەنی و خەڵکی سەردەشت ڕۆژی پێنجشەممە 9ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، لە لایەن هێزە کانی سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

پێشەوە ساڵح زادە پێشتریش لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ و مەهاباد زیندانی کێشاوە.

ناوبراو بە تۆمەتگەلێک وەکوو “ڕێخستنی پیلان دژی ئاسایشی وڵات”،ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی، “چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران” زیندانی کێشاوە.

تۆمەتگەلی دیکەی وەکوو هەبوونی ڕۆڵ و بەشداری لە گردبوونەوە ناڕەزایی دەربڕینەکانی بۆ کۆبانی لەمەهاباد و ناڕەزایی بۆ منداڵانی شین ئاوێ ی پیرانشار و بەشداری لەبەرکردنی جلی ژنان لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە لەبەرکردنی جلی ژنان لەبەر” تاوانباری مەریوانی” تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەیان هیچ زانیارییەک لەمەڕ شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی دەستبەسەر کراوان بە دەستەوە نییە.

شەپۆلی دەستبەسەر کردن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە بە چەشنێک لە ماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو 114 هاوڵاتی لە شارە جیاوازەکان دەستبەسەر کراوا لە بە هەژماری ئەم چوار هاوڵاتییەوە ئاماری دەستبەسەر کراوان لەم ماوەیە بە 118 کەس گەیشتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان