حوکمی زیندانی دوو بەندکراو لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە

KMMK:

هەینی 3ی ڕێبەندانی 2720ی کوردی، حوکمی سێ ساڵ و حەوت مانگ زیندانی دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی ڕەحیم ڕەفعەتی و ڕەحمان تابش لە دادگای پێداچوونەوەی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.

ئەم دوو هاوڵاتییەی خاڵکی شــنۆ لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری شــنۆ بە تۆمەتی ” ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و سازان و ڕێکەوتن دژی حکوومەت” بە سێ ساڵ و حەوت مانگ زیندان و بە تۆمەتی ” پێوەندی لە گەڵ حیزبێکی کوردی” بە هەشت مانگ زیندان مەحکووم کرابوون.

شیاوی باسە کە ئەم دوو هاوڵاتییە، 15ی پووشپەڕی ئەمساڵ بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی و بە تۆمەتی ” هاریکاری حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران بۆ ورمێ ڕاوازرابوون.

پاش کۆتایی خولی لێپرسینەوە هەر دوو کەس بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان