‌کامێران؛ هاوڵاتییەک بە دوو ساڵ زیندانی سزادرا

KMMK:

یەکشەمە 28 بەفرانباری 2720ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناوی سیروان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و سەرۆکی رێکخراوی کلتوری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵەی نوژین، لقی کامێران، لەلایەن دادگای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری سنە بە دوو ساڵ زیندان سزادرا.

پێویستی بە بیرهێنانەوەیە کە ناوبراو لە ڕێکەوتی 5 پووشپەڕی 2719 لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە دەسبەسەر کرا و لە ڕێکەوتی 21 خەرمانانی هەمان ساڵ پاش تەواو بوونی قۆناخەکانی لێپێچینەوە بە دانانی بارمتەی 500 ملیۆن تمەن بە شێوەیەک کاتی ئازاد کرا بوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێشتر بەڕێز ئیبراهیمی لە قۆناخی دەستپێکدا بە تۆمەتی ئەندامێتی لە یەکێک لە “حزبەکانی کوردستانی دژە کۆماری ئیسلامی” و هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، لەلایەن دادگای ئینقلابی حکوومەت لە شاری سنەوە بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری سزادراوە و لە کۆتاییدا لە لایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی ئێران بۆ دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی کەم بۆتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان