کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دەستبەسەر کردنی نایاسایی چالاکانی مەدەنی و خوێندکارانی زانکۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئیدانە دەکات، ئەم کردەوەی حکومەتی ئێران بە پێشێلکاری بەرچاوی مافی مرۆڤ دەزانێت و خوازیاری ئازادی بەپەلەی دەستبەسەر کراوانە.
ئەم کردەوەی حکومەتی ئێران بە تەواوی نایاسایی و بە بێ هۆکارە. لە هیچ یەک لەم دەستبەسەرکردنانە ئیزنی دەستبەسەر کردنی یاسایی نەبوە. لەکاتی دەستبەسەر کردن ئەم کەسانە بەرەوڕووی توندوتیژی بونەتەوە و سوکایەتییان پێکراوە.
حکومەتی ئێران لە مەودای یەک حەوتوو دا، 32 چالاکی کۆمەڵایەتی، خوێندکاری زانکۆ و شارۆمەندی دسستبەسەر کردوە و لە زیندانی کردون. ناسناوی ئەم کەسانە بەم شێوەیە:
تاران: سوهەیب بادروج، فەرزاد سامانی، دەریا تاڵەبانی، سیروان نوری، ئەفشین مام ئەحمەدی، سالار رەهۆیی، شەپۆل خزری.
مەهاباد: ئیمان عەبدی، حوسەین عەبدی و سۆران حەسەن زادە.
رەبت: بەهمەن یوسف زادە، فەرهاد موسا پوور و فەرەیدون موسا پوور.
مەریوان: زانیار موعتەمدی، سیروان کەریم نەژاد، کەیوان مینویی، کارۆ عەلیداد، جەبار پیروزی، سەلامن ئەدوایی.
سڵێن( هەورامان): سیامەک مەنسور پوور و ئەکرەم( موحەمەد) ئەدوایی.
سنە: ئارام یۆسفی، ئارام مورادیان و کامیل نوری.
نەغەدە: عەندوڵا حاج ئەحمەدی، پەیمان حاج حەحمەدی و گەلاوێژ عەبدوڵایی.
بۆکان: عەزیمە ناسری و حوسەین گەردشی.
ناسناوی سێ کەس لە دەستبەسەر کراوان تا ئێستا نادیارە.

ئەم هەوڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی سیاسەتی ئاپارتاید و هەڵاوردەیی نەتەوەیی دژ بە نەتەوەی کوردە. حکومەتی ئێران لە رێگای بەندیخانە، ئەشکەنجە و تۆقاندن و سەپاندنی سیاسەتی داپڵۆسێنەر هەوڵ دەدات کۆمەڵگای کوردستان دور بخاتەوە لە بەدواداچونی مافەکانیان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە گەلی کورد، حیزبە سیاسیەکان و هەروەها رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مەدەنی دەکات بە کردەوەی هاودەنگ خوازیاری ئازادی بەپەلەی دەستبەسەر کراوان بن.
هەروەها داوا لە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆمەڵان و رێکخراوە نێونەتەوەییە مافی مرۆڤیەکان دەکات کە بابەتی مافی مرۆڤی بەگرنگتر چاو لێبکەن و داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن کە ئەم هاوڵاتیە دەستبەسەرکراوانە بە خێرایی ئازاد بکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان