ئیتلاعاتی سپا سێ هاوڵاتییەکی شاری رەبەتی دەستبەسەر کردووە

KMMK :
سێ شەممە 23ی بەفرانباری 2720ی کوردی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کرایەوە کە سێ چالاکە مەدەنییەکەی شاری رەبەت بە ناوەکانی «بەهمەن یوسف زادە»، « فەرهاد موسا پوور» و « فەرەیدون موسا پورر» لەلایەن هێزەکانی «ئیتلاعات سپای» کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ئەم سێ چالاکە مەدەنیە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای حکومەتی ئێران لە شاری رەبەت دەستبەسەر کراون و پاشان بۆ بارەگای ئەم هێزە لە شاری سەردەشت گواستراونەتەوە، سەرچاوە متمانە پێکراوەکان ئەوەیان راگەیاندوە کە پاش ماوەیەکی کورت لە شاری سەردەشتەوە بۆ شاری ورمێ گواستراونەتەوە.
بە پێی زانیاری گەیشتوو: ئەم سێ چالاکە مەدەنیە خەڵکی شاری رەبەتن و لەم دواییانە و بە هەوڵی ئەوان و خەڵکی گوندی سیسێر و چالاکانی مەدەنی تر کتێبخانەیەک بە بڕی 4 هەزار کتێب لەم گوندە کراوەتەوە، ئیتلاعاتی سپا بەو هۆکارە ئەم کەسانەی خستوەتە ژێر گوشار و چەندین جار لە رێگای پەیوەندی تەلەفۆنیەوە هەڕەشەیان لەم کەسانە کردووە. لەوانەیە کردنەوەی ئەم کتێبخانەیە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم کەسانە بێت.
هەروەها ئەم سێ کەسە لە بەڕێوەبەرانی رێورەسمی نەورۆز لە شاری رەبەت و گوندی سیسێر بوون و لەبواری چالاکی کلتوری یارمەتیەکی زۆری ئەم ناوچەیان داوە.
شایانی باسە کە بەهمەن یوسف زادە لە ماڵی باوکی لە شاری رەبەت دەستبەسەر کراوە و ناوبراو خوێندکاری پێشوی زانکۆی پەیام نوری شاری مەهابادە.

فەرهاد موساپوور مامۆستای زمانی ئینگلیسیە و لە شوێنی کارەکەی لە خوێندنگای زمانی ئینگلیسی «رێزمان» و لەکاتی وانەوتنەوە دەستبەسەر کراوە. ئەم هێزانە دەستبەجێ پاش دەستبەسەر کردنی فەرهاد هێرشیان کردوەتە سەر ماڵی باوکی و فەرەیدونی براییان دەستبەسەر کردوە.
هێزە ئەمنئەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ ئیزنی دادوەر دەستیان داوەتە گەڕانی ماڵی ئەم کەسانە و کەرەستەی تایبەتی ئەم کەسانە لەلایەن ئەم هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
بە پێی دوایین زانیاری گەیشتوو؛ ئەم کەسانە لەکاتی دەستبەسەر کردن بەرەوڕوی توندوتیژی کراونەتەوە و لێیان دراوە و تا کاتئ بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی هێشتنەوەیان زانیاریەکی ئەوتۆ لەبەردەست نییە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

One thought on “ئیتلاعاتی سپا سێ هاوڵاتییەکی شاری رەبەتی دەستبەسەر کردووە

Comments are closed.