KMMK:
بنەماڵەیەکی چوار کەسەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی ” فاتمە ئیبرایمی 32 ساڵ تەمەن، پەیمان مەلامیرزایی 34 ساڵ تەمەن، ڕۆهان مەلامیرزایی 9 ساڵ تەمەن و ڕێژوان 3 ساڵان” کە لە وڵاتی تورکیا بە شێوەی پەنابەر جێگیر بوون هەڕەشەی دیپۆڕتیان لێ کردوون.
لە وتووێژێکدا که کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان لە گەڵ ئەو بنەماڵەیە کردوویەتی خاتوو ئیبرایمی کوتی: لە چەندد ڕۆژی ڕابردوو رێخراوی پەنابەرانی تورکـیا پێوەندیان لە گەڵ گرتووین و داوایان لێکردووین ڕۆژی چوارشەممە 30 دیسەمبەری 2020 سەردانی ئەو دامەزراوەیە بکەین و هەموو کیمیلک ــ پێناسەی وڵاتی تورکیا ــ بنەماڵەمان لە گەڵ بێە.
ناوبراو زیادی کرد؛ پاش سەردان پێیان ڕاگەیاندین کە وڵامی داواکاری پەنابەری ئێوە هاتۆتەوە و ڕەت بوونەتەوە کە لەم حاڵەتەدا ئێوە لە ماوەی 30 ڕۆژ کە دەرفەتتان هەیە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆتان ،کە بە پێچەوانەکەی بۆ ئێران دیپۆڕتتان دەکەینەوە.
خاتوو ئیبرایمی هەروەها کوتی؛ ڕایەداری بەرپرسی ڕاگەیاندنی کیملیکی ئێمەی وەرگرتەوە و بەڵگەیەکی ماوەداری سی ڕۆژەی پێ داین. ناوبراو لە درێژەدا کوتی؛ ئەم هەوڵەی سازمانی پەنابەرانی وڵاتی تورکیا لە کاتێکدایە کە ئێمە پێشتر وەکوو پەنابەری فەرمی تورکیا تۆمار کرابووین و چاوەڕێی پەسەند و چوون بۆ وڵاتی سێیەم بووین.
خاتوو ئیبرایمی هەروەها کوتی؛ بە هۆکاری شێوازی هاوسەرگیریمان و دەرچوونمان لە ئێران وبە پێی یاساکانی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەوینە بەر مەترسی ئەشکەنجە و زیندانی درێژ ماوه و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی دژایەتی کردن لە گەڵ نەریتی کۆمەڵایەتی لە لایەن بنەماڵەوە و کەس و کاریش چەنددین جار هەڕەشەمان لێکراوە و لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ ئێران دەکەوینە بەر هێرشی بنەماڵە و کەس وکار لە سەر من و هاوژین و منداڵەکانمان.
جێگەی باسە کە خاتوو ئیبرایمی و هاوژینەکەی(پەیمان مەلامیرزایی) ساڵی2709ی کوردی، لە سەر خواستی خۆیین ئێرانیین بە جێ هێشتووە و بە پێچەوانەی نەریتی بنەماڵ و کۆمەڵگا و یاساکانی کوماری ئیسلامی پێکەوە هاوسەر گیرییان کردووە و خاوەنی دوو منداڵی کوڕ ڕۆهانی 9 ساڵ تەمەن و لە دایکبووی سلێمانی و ڕۆژان 3 ساڵ تەمەن و لە دایکبووی تورکیان.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە پشتبەستن بە بەندەکانی پەیمان نامەی جیانی مافی مرۆڤ و بە پێی ئەوەی ئەو بنەماڵەیە لە وڵاتی ترکیا وەکوو پەنابەر لە ئیداری پەنابەران تۆمار کراون، هەروەها بە پێی ئەوە زانراوە کە لە ئەگەری دیپۆڕت کردنەوەیان، مەترسی زیندانی دەمدرێژ، ئەشکەنجە و لێک ترازانی بنەماڵەی لێ دەکەوێتەوە، داوا لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆمیساریای باڵای پەنابەران و هەموو دەمەزاوە و چالاکانی بواری مافی مرۆڤ دەکەین کە گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا دەست هەڵبگرێ لە دیپۆڕت کردنەوەی ئەوان بۆ وڵاتی ئێران.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان