KMMK:
چوارشەممە 10ی بەفرانباری 2720ی کوردی، مستەفا سەیفی، 28 ساڵ تەمەن، کوڕی عەتا خەڵکی گوندی”وێژنان”ی سەر بە شاری سەوڵاوا بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” لە زیندانی ناوەندی ئێران لە ســنە لەسێدارە درا.
ناوبراو پێشتر لە ڕۆژی یەکشەممە 2ی گەلاوێژی ئەمساڵ بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی قەرەبوو کردنەوە(قەساس) بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوازرابوو بەڵام لە دوای داواکاری بنەماڵەکەی مۆڵەتێکی زەمەنی سێ مانگەی پێدرا تا ئەوەی پارەی سەربەها(دیە) بدەن.
مستەفا سەیفی ڕۆژی 5ی گوڵانی 2715ی کوردی، لە ئاڵۆزی و لێکچڕژانێکدا کەسێکی بە ناوی کۆسار سەیفی کوڕی سدیق کە خزمی خۆی بووە دەکوژێ و لە ڕێکەوتی 5ی 2716ی کوردی، دەستبەسەر دەکرێ و لە لایەن سیستەمی قەزایی ئێرانەوە بە لەسێدارەدران سزا دەدرێت.
بنەماڵەی مستەفا سەیفی توانای دانی ئەو بڕە پارەی سەربەهایان کە دیاری کرابوو نەبوو، بەم هۆیە ناوبراویان بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگواسترا و حوکمەکەی جێبەجێ کرا.
جێی بیرهێنانەوەیە کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەهەمبەر ئەگەری سێدارەدرانی ئەم هاوڵاتییە ئاگاداری دابوو.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستا و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 44 هاوڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردســتان بە ئێعدام مەحکووم کراون.
کۆمەڵەی مافی مروڤی کوردســتان