KMMK:
شەممە 29ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ســنە بۆ زیندانی سیاسی حسێن کەمانگەر کە بەفرانباری 2718ی کوردی، دەستبەسەر کراوە و لە زنداندایە، بارمتەی 15 میلیارد تمەنی دیاری کردووە.
ئەم زیندانییە سیاسییە بە بەغی و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کراوە و دادستانی حکوومەتی ئێران لە شاری کامێران بە سەرۆکایەتی دادستان «جەعفەری» داوای حوکمی ئێعدامی بۆ ناوبراو کردووە.
شیاوی باسه کە دۆسیەی بەڕێز کەمانگەر بۆ لێکۆڵینەوە بۆ دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە بۆ لای دوو دادوەر بە ناوەکانی «سەعیدی» و «ئومیدی» نێردراوە.
حسێن کەمانگەر، پازدەی بەفرانباری 2718ی کوردی، لە لایەن ڕایەدارانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی ، بە لێدان و سوکایەتی دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیتلاعات ڕاگواسترا.
جێی ئاماژەیە، هەموو دەستبەسەر کراوانی ژێنگەپارێزی دیکە کە هاوکات لە گەڵ حسێن کەمانگەر دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە ئازاد کرابوون.
حەوتوویەک پێش دەستبەسەرێ بەڕێز کەمانگەر، کچ و هاوژینی ناوبراو، ناهید کەمانگەر و نەسرین نەقدی بۆ لێپرسینەوە بۆ ناوەندی ئێدارەی ئیتلاعات بانگهێشت کرابوون و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کرا.
بەڕێز کەمانگەر بەهۆکاری هاریکاری نەکردن لەگەڵ بازجو و هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە سەرەتای دەستبەسەری خۆیەوە کەوەتە ژێر گوشار، بە شێوەیەک کە ڕێبەندانی 2718ی کوردی بە هۆکاری هاریکاری نەکردنی لێپرسەرەکان لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
ئەم هاوڵاتییە بە بۆنەی درێژەی دەستبەسەری و هەروەها ڕێگری لە پێوەندی لە گەڵ بنەماڵە لە ڕێکەوتی 27ی پووشپەڕی 2719ی کوردی دەستی دابوویە مانگرتن لە خوادن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان