KMMK:
شەممە 29ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناوی بێزاد عەباسی قەراگووز کوڕی فەرەیدوون، 34 سال تەمەن خەڵکی گوندی” وەلەندەی خواروو” سەر بە ورمێ لە زیندانی ناوەندی حکوومەت لەم شارە ئازاد کــرا.
ئازادی بەڕێز عەباسی کە زیندانییەکی ئایینزاییە، بە شێوەی مەرجدار و پاش مانەوەی 50 مانگ لە زیندان لە زیندانی حکوومەت لە ورمێ هاتۆتە ئاراوە.
ڕێزدار عەباسێ پێشتر ڕێکەوتی 25ی ڕەزبەری 2716ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و ماوەیەک دواتر لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەت بە تۆمەتی” ئەندامەتی لە گرووپی ئەنساروالئیسلام بە دە ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا. ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ 7 ساڵ زیندان داشکا.
شیاوی باسه، بێزاد عەباسی هاوڕێ لە گەڵ 13 زیندانی دیکە، ڕێکەوتی 19ی سەرماوەز لە نامەیەکی هاوبەش بۆ دادوەری چاودێری زیندانی ناوەندی حکوومەت لە ورمێ بە فەرمی لەناڕەزایی دژ بە باروودۆخی خۆی لە پێوەندی لە گەڵ گەڵاڵەی(دو فوریتی) و بێبەری کردن لە پێداویستی وەکوو ئازادی مەرجدار، مەرەخەسی و پوانی کۆتایی زیندانی ئەمنییەتی، مانگرتن لە خواردنی وشکی خۆی ڕاگەیاندووە و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داخوازیێەکانی خۆی ببوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان