درێژەی زەختی هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی ئێران بۆسەر بنەماڵەی ساسان مێهرابی

KMMK:

دوو شەممە 17ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، مریەم مێهرابی خوشکی ساسان مێهرابی ئەندامی شۆرای بەڕێوەبەری پلاتفۆرمی یارسان و یەکێک لە پێشکەش کارانی کاناڵی ئاریەن بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرا و خرایە ژێر لێپرسینەوە.

هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەقامی ژنی شاری کرماشان لە رێگای پەیوەندیەکی تەلەفونیەوە مریەم مێهرابی بانگهێشت دەکەن و داوا لە ناوبراو دەکەن کە لە رۆژی چوار شەممە 19ی سەرماوەز خۆی بناسێنێت بە ئیدارەی ئیتلاعاتی حکومەتی ئێران لەو شارە.

مریەم مێهرابی رۆژی چوار شەممە سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتیەکانی کردووە و خراوەتە ژێر لێپێچینەوە.

لەم لێپێچینەوەدا هێزەکانی ئیتلاعات داوای زانیاریان لە سەر ساسان مێهرابی لە ناوبراو کردوە. مریەم مێهرابی خاونی ژیانی هاوبەشە و منداڵێکی هەیە و نیشتەجێی شاری کرماشانە.

شایانی باسە کە ناوبراو پێڕەوی ئایینی یارسان دەکات. جێگای ئاماژەیە، 27ی خەزەڵوەر کەریم مێهرابی باوکی ساسان، لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە لە سەرپێڵ زەهاو درستبەسەر دەکرێت و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەم شارە خراوەتە ژێر لێپرسینەوە.

هاوکات رووناک موحەمەدی خوشکی وریا موحەمەدی یەکێکی تر لە ئەندامانی پلاتفۆرمی یارسان لە شاری سەرپێڵ زەهاو بانگهێشت و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکراوە.

جێگای سەرنجە، ماڵپەڕی بەسیج نیوز کە هەواڵنێری و ناوەندی فەرمی بەسیجی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، پاش راگەیاندنی دامەرزاندنی پلاتفۆرمی یارسان لە مارسی 2016، چەندین جارهەڕەشەی تیرۆر و رفاندنی لە ئەندامانی ئەم رێکخراوە کۆمەڵایەتیە کردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان