سیستان و بەلوچستان: کوژرانی هاولاتییەکی کورد لە لایەن سپای پاسدارانی ئێران ـەوە

KMMK:

ڕۆژی پێنجشەمە 13ی سەرماوەزی 2720 کوردی، هاولاتییەکی بە ڕەگەز کورد بە ناوی بێهزاد محەمەدی، خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە پارێزگای سیستان و بلوچستان کوژرا.

بە پێی هەوالەکە، ناوبراو بۆ بژێوی ژیانی خۆی روو لەو پارێزگایە کردووە و لە وێ خەریکی گواستنەوەی سوتەمەنی بووە. سەرچاوەکان ئاماژە بە ئەوە ئەکەن، هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە شارۆچکەی ئاشاری سەر بە شاری مێهرستان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بە شێوەیەک ڕاستەوخۆ تەقە لە بێهزاد محەممەدی ئەکەن و فیشەک بەر هەردوو قاچ و سەری ئەکەوێت و ناوبراو دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، لەمەر چارەنووسی تەرمەکەی و ڕادەست کردنی بە مالباتەکەی هیچ زانیارییەک لەبەردەست دا نییە.

بەگوێرەی داتاکانی ناوەندی ئاماری مافی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستا و بە هەژمارکردنی ئەم حالەتەوە بە گشتی 69 کۆڵبەر و کاسبکار لەلایەن هێزەئەمنیەکانی ئێرانەوە کوژراون و 168 دیکەش برینداربوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان