KMMK:
ڕۆژی یەکشەممە 9ی سەرماوەزی2720 کوردی، سەرگوڵ حەبیبی تەمەن 31 ساڵ و دایکی دوو منداڵ لەلایەن دوو براکەیەوە کوژراوە.
سەرگوڵ حەبیبی ڕۆژی شەممە 8ی سەرماوەز لە لایەن کەلانتەری 15ی حکومەتی ئێران لە شاری سنە بە بیانووی ئەوەی کە پەیوەندی لەگەڵ لاوێک هەبووە دەسبەسەر کرابوو.
هەر ئەو شەوە، هاوسەری سەرگۆل حەبیبی پەیوەندی بە ماڵباتی ناوبراو دەکات تاکوو بچنە کەلانتەری و کچەکەیان وەرگرن.
دادوەری کشیک بە بێ ئەوەی گوێ بە مەترسییەکانی سەر ژیانی ئەو ژنە بدات و سەرەڕای بوونی بەڵگەی توندوتیژی بەرامبەری، ئەو ژنەیان ڕادەستی هەردوو براکەی کردووە.
دوو برای قوربانییەکە، ناوبراو بەرەو گوندێک بە ناوی سوورەزە لە چەند کیلۆمەتری شاری سنەوە دەگوازرێنەوە و لەوێ سەری لە جەستەی جیا ئەکەنەوە.
شایانی باسە، لە هەمان شەو دا ئەو دوو برا کە ناوەکانیان حەسەن و ئیسماعیلە، خۆیان بە هێزەکانی ئینتزامی ناساندووە و دەستبەسەرکردنی کاتییان بۆ دەرکراوە.
هەروەها هاوسەری قوربانیەکە و کەسێکی دیکە کە لەگەڵ ژنەکە دا دەسبەسەرکراون، ئێستا دەسبەسەرن.
سەرگوڵ حەبیبی ڕۆژی دووشەمە 9 سەرماوەز لە بەشی 110ی گۆڕستانی “محەمەدی” شاری سنە بە بێ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسم بەخاک سپێردرا.
بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری مافی مرۆڤی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا و بە هەژمارکردنی ئەم حالەتەوە 36 ژن خۆیان کوشتووە یان کوژراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان