بریندار بوونی کۆڵبەرێک لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران

KMMK:

یەکشەمە 9ی سەرماوەزی 2720ی کوردی، کۆڵبەرێک بە ناوی”ئایهان خودایی” 22 ساڵە کوڕی جەمال خەڵکی گوندی “کوڕانە”ی سەر بە ناوچەی سۆما برادۆست بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ئێران بریندار کرا.

ئایهان خودایی خێزاندارە و خاوەنی دوو مناڵە. ئەم کۆڵبەرە تەقە لە سەری کراوە و بە سەختی بریندار بووە و ئێستا بارودۆخی ناجێگرە.

جێی ئاماژەیە، ئەم کۆڵبەرە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە ناوچە سنوورییەکانی شاری ورمێ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج. ئایهان خۆدایی بۆ چارەسەری پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ و لە ئێستادا لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە تا ئێستا و بە هەژمار کردنی ئەو کۆڵبەرە 165 کۆڵبەر لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان