داریوش مورادی لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە لە شائاباد دەستبەسەر کرا

KMMK :
دووشەممە سێی سەرماوەزی 2720ی کوردی ، داریوش مورادی، چالاکی کولتوری دانیشتوی شاری شائاباد( ئیسلام ئابادی غەرب) لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەستبەسەر دەکرێت و بۆ شوێنێکی نادیار دەبرێت.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو، هێزە ئەمنیەتیەکانی ئێران سەرەڕای پشکنینی ماڵی ناوبراو هەندێک لە کەرەستە تایبەتیەکانی ناوبراو وەک مۆبایل دەست بەسەردادەگرن و دەیبەن.

داریوش مورادی ئەمڕۆ سێ شەممە چواری سەرماوەز لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا داوای وەرگرتنی پارێزەری کردووە.
دەستبەسەر کردنی ئەم چالاکە کولتوریە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا و بە ئیزنی دادستانی حکومەت لە شائاباد روی داوە.
شایانی باسە: تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە لە تۆمەتگەلی پاڵنراو و شوێنی هێشتنەوەی ناوبراو هەواڵێک لەبەردەست نییە.

داریوش مورادی نوسەری ماڵپەڕی کولتوری – رێنوسی «هەسارە»یە. ناوبراو پێشتریش بە هۆی چالاکیە کۆمەڵایەتیەکانیەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی زانیاریەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵی زاینیەوە تا ئێستا بە ئەژمار کردنی ئەم کەسە 238 کەس دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان