KMMK:
ڕۆژی شەممە یەکی سەرماوەزی 2720ی کوردی، “زەینەب ئیسمایلی” خەڵکی دێولان و ئەندامی دایکانی ئاشتی لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ســنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی لە حاڵەتی ئامادە نەبوونی خۆیدا (غیابی) بە 6 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم هاوڵاتییە بە بۆنەی ئەوەی موبایلەکەی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو و بانگهێشتی بۆ دادگا لە ڕێی کورتە نامەوە بۆ موبایلەکەی نێردرابوو هەر بۆیه نەیتوانی ئامادە ببێت و بتوانێ بەرگری لە خۆی بکات، هەر بۆیە خاتوو زەینەب ئیسمایلی لە دوای ئاگاداربوونەوە لە حوکمەکەی پارێزەر دەگرێ و سکاڵانەمەی ناڕەزایەتی بەرز دەکاتەوە.
شیاوی باسە ئەم هاوڵاتییە بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە پارتێکی کوردستانی بە 5 ساڵ زیندان و پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات بە ساڵێک زیندان”، واتە سەرجەم بە 6 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە ناوبراو هەشتی ڕەشەمەی 2719ی کوردی، لە شاری دێولان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە گوازرابوویەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری ســنە. پاش مانگێک دەستبەسەری(7ی خاکەلێوەی ئەمساڵ) بە دانانی بارمتە لە بەندی ژنانی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی حکوومەت لە شاری سنە ئازاد کرا.
زەینەب ئیسمایلی دایکی “محەممەد ئەمین ئەمیری بە ناوی ڕێخستنی “هاوڕێ لەیلاخ” ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەلە کە ساڵی 2014 لە شەڕی پەلاماری داعش بۆ سەر کۆبانی گیانی لە دەست دابوو. دایکانی ئاشتی کوردستان لە لایەن کۆمەڵێک دایکی گیان بەختکردوان و زیندانیانی سیاسی ئێعدام کراوی کوردەوە دامەزراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان


