سەکینە پەروانە لە درێژەی مانگرتن لە خوارنیدا لێوەکانی خۆی دروویەوە

KMMK:

سەکینە پەروانە زیندانی سیاسی کورد بەندکراو لە زیندان حکوومەت لە قووچان لە باکووری خۆراسان لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنیدا بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین لێوەکانی خۆی دروویەوە.

بە گوێرەێ هەواڵەکە، خاتوو سەکــینە پەروانە کە لە ڕۆژی 10ی خەزەڵوەر لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دوورخستنەوەی بۆ زیندانی ئەسفەهان و بەردەوامی دەستبەسەری دەمدرێژ مانی لە خواردن گرتووە و لێوەکانی خۆی دروویەوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی گەیشتوون، خاتوو پەروانە لە ڕۆژی 6ی خەزەڵوەر لە زیندانی ئێڤین ـەوە بۆ قووچان گوازرایەوە و پاش دوو ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتووخانەی سپای پاسداران لەو شارە بۆ دادگا ڕاگوازراوە. پاش ڕێوڕەسمی دادگا لە لایەن دادوەری دۆسییەکەوه ئەگەری دوورخستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ زیندانی حکوومی ئەسفەهان هاتۆتە بەرباس کە لەم چوارچێوەیەدا خاتوو سەکینە پەروانە لە ڕێکەوتی 5ی پووشپەڕی 2720ی کوردی، لە نامەیەکدا که بڵاوی کردۆتەوە ڕایــگەیاند کە لە ماوەی دەستبەسەریدا و لە زیندان ئازار و ئەشکەنجەی لە سەر جێبەجێ کراوە.
ناوبراو ئاشکرای کرد؛ لە کۆتاییەکانی ساڵی2719ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە لە شاری سلێمانییەی باشووری کوردستان دەستبەسەر و بۆ ئێران ڕاگوازراوە. ناوبراو پاش دە ڕۆژ دەستبەسەری و لێپرسینەوە لە شارەکانی مەریوان و ســنە بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوازرا و لەوێیش لە بەندەکانی دووی ئەلف، 209 و بەندی ژنانی زیندان ئازار و ئەشکنجە کرابوو. ناوبراو پاش ناڕەزایی دەربڕین و نووسینی درووشم لە زیندانی ئێڤین بۆ زیندانی قرچەکی وەرامین گوازرایەوە و پاش چوارڕۆژ بۆ نەخۆشخانەی دەرووای ئەمیرئاوا گوازرابوویەوە.

خاتوو پەروانە لە لایەن سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلام ئێرانەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی له گرووپگەلی دژبەری حکوومە بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی بە 5 ساڵ زیندانی تەعزیری و 3 ساڵ قەدەغەی ئەندامەتی لە گرووپە سیاسییەکان مەحکووم کرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورســـتان

%d bloggers like this: