کوژرانی دوو کۆڵبەر لە دوو رۆژدا لە سنووری چاڵدۆران بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران

KMMK:

جومعە 16ی خەزەڵوەری 2720ی کوردی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری چاڵدۆران گرووپێک کۆڵبەریان دایە بەر فیشەک کە لە ئاکام دا کۆڵبەرێک بە ناو “کەماڵ عەلەم هوولی” گیانی لە دەست دا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، گرووپێک کۆڵبەر خەریک گەڕانەوە بوون لە سنوور کە دەکەونە بۆسەی چەکدارانی ئێران و لە ئاکام دا لە مەودایەکی نزیکەوە دەیان دەنە بەر فیشەک و ئەو کۆڵبەرە دەکوژن.

هەر لەم بارەیەوە و یەک رۆژ پێشتر کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هەواڵیکی بڵاو کردەوە کە لە هەمان سنوور هێزە چەکدارەکانی سەر بە ركۆماری ئیسلامی ئێران کۆڵبەرێک بە ناو حەسەن دەلایی میلان دەکۆژن.

بە پێی زانیارییە تازە کان هێزە چەکدارەکانی ئێران لە حاڵێک دا ئەم کۆڵبەرە دەکوژن کە ناوبراو دەستی بە هێمای تەسلیمبوون بەرز کردبوو و داوای کردبوو کە ئەمانی بدەن بەڵام سەربازەکانی ئێران 5 فیشەکیان بە جەستەیەوە نابوو.

هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژانە بەو پەڕی دەست نە پارێزییەوە هەوڵی کۆشتنی کۆڵبەران و کاسبکارای رۆژهەڵاتی کوردستان دەدەن لە سەر سنوورە دەسکردەکانی نێوان باشوور و باکووری کوردستان.

ئەمە لە حاڵێک دایە کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان چەندیین جا وەبیر کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ناوەندە مافی مرۆڤییە جیهانییەکانی هێناوەتەوە کوشتنی کۆڵبەران لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیەوە رەشەکوژییەکی پلان داڕێژراوەو و دەبێت رێی لە بگیرێت و ناوەندەکانی پاراستنی مرۆڤ هەوڵ بدەن بۆ وەستانی ئەم جەنایەتەی هەمبەر بە خەڵکی مەدەنی و کاسبکارانی کورد روو دەدات.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ئەم سالی زایینیەوە تا ئێستا و بە هەژمار کردنی ئەم حاڵەتەوە بە هۆی تەقەی هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 63 کۆڵبەر کوژراون و 157 کۆڵبەریش بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان