خۆی: کوژرانی کۆڵبەرێک لە دەورووبەری سنووری کوتول

KMMK:

دووشەممە 12ی خەزەڵوەری2720ی کوردی، کۆڵبەرێک بە ناوی سیاوەش کورەسوونی خەڵکی گوندی راویانی کوتول سەر بە شاری خۆی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی خۆی لە دەست دا.

بە گوێرەی هەواڵەکە: لە کاتێکدا کۆمەڵێک کۆڵبەر سەرقاڵی گواستنەوەی کەلووپەل بوون، هێزە سنوورییەکانی ئێران هێرشیان کردە سەریان و دەسدڕێژیان لێکردن و لەم پەلامارەدا ناوبراو فیشەکی بەردەکەوێ و گیانی خۆی لە دەست داوە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینیەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 61 کۆڵبەر وکاسبکار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون و 156 کۆڵبەر وکاسبکاریش بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســــتان