مەریوان: تەقینەوەی مین برینداربوونی هاوڵاتییەکی لێکەوتەوە

KMMK:

چوارشەممە 16ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، ” خوسرەو حەسەنی” 38 ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی” کوێرە دەڕە” و دانیشتووی مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مینی بە جێماوی شەڕی ناوبەری ئێران و عێراق بریندار و کەمئەندام بوو.

بە گوێرەی هەواڵەکە: ناوبراو سەرقاڵی کۆکردنەوەی(ضایعات= کەلووپەلی شکاو و بەکەڵک نەهاتوو) بووە کە بە هۆی دەستێبردنی مینێک دەتەقێتەوە و سەر و سینگی بریندار دەبێت و دەستی چەپی لە مەچەکەوە دەپەڕێت.

جێی بیرهێنانەوەیە کە: مینە بەجێماوەکانی شەڕی ئەو دوو وڵاتە لە سنوورەکان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو مینانەی بە ئەنقەست لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەچێنرێن لە ناوچە سنوورییەکان بە بیانووی دابین کردنی ئاسایش و پاراستنی سنوورەکان ساڵانە قوربانی لێدەکەوێتەوە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 9 هاوڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مین برینداربوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان