KMMK:
شەوی پێنجشەممە 27ی خەرمانانی 2720ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناوی ” حەسەن خەندەپوور” 26 ساڵ تەمەن، خێراندار و خاوەنی سێ منداڵ خەڵکی گوندی لولکان سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شــنۆ بە هۆی تەقەی هێزەکانی سپا گیانی لە دەست داوە و هاوڵاتییەکی بە ناوی “عەرەب” کوڕی محەممەد بریندار بووە.
بە پێی ئەو هەواڵەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوێستانی گادڕ لە سنووری شــنۆ ئەم دوو هاوڵاتییە لە کاتێکدا سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕ بوون کرانە ئامانج.
بە پێی هەواڵەکە، بەڕێز عەرەب پاش برینداربوون لە لایەن ئەم هێزە ئەمنییانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی حکوومی لە نەغەدە گوازرایەوە.
هەروەها بە پێی هەواڵەکە لە چەندد سەرچاوەی متمانە پێکراوەوە، هێزە ئەمنییەکان 410 سەر مەڕی ئەم هاوڵاتیانەیان لە گەڵ خۆیان بردووە.تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆکاری کوژران و برینداربوونی ئەم هاوڵاتیانە ئاشکرا نەکراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان