KMMK:
دووشەمە ۱۰ی خەرمانانی ۲۷۲۰ی کوردی، شارۆمەندێکی خەڵکی “چۆمی مەجید خان” سەربە بۆکان بەناوی «سالار چاووشی» کوڕی عبداللە و ۲۱ ساڵ بانگهێشتی ناوەندی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بۆکان کراو پاشان هەرلەوێ دەستبەسەر کرا.
بە پێی هەواڵەکە، ناوبراو بە بێ ئیزنی دادگا و بێ بەڵگە بانگەێشتی ئەم ناوەندە ئەمنییەنییە کراوە و هەر لەوێش هێرش کراوەتەسەری و سووکایەتی پێکراوە و لەلایەن ئەندامانی ئیتلاعاتی حکوومەتەوە لێی دراوە. تا ئێستا هۆی دەستبەسەر کردن و چارەنووسی ئەم گەنجە نەزانراوە.
جێگای سەرنجە، پێشتر لە رێکەوتی ۱۰ پووشپەڕ باوکی سالار چاوشی ــ عبداللە چاووشی ــ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرابوو و لەوێ بە بێ بەڵگەی دادگا دەستبەسەر و دوای لێپێچینەوە بۆ گرتووخانەی حکوومەت لە ورمێ گواسترابوویەوە. ناوبراو لە رۆژی ۲۱ گەلاوێژ بە دانانی بارمتەی ۱۰۰ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە تا ئێستا بە هەژمار کردای ئەم حاڵەتەوە ۱۵۹ کەس لە شارۆمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


