سەردەشت: دەستبەسەری دوو بڕوامەندی کریستیانی

KMMK:

ڕۆژی شەممە یەکی خەرمانانی ٢٧٢٠ی کوردی، بڕوامەندێکی کریستیانی بە ناونیشانی” شێرکۆ سیاوەشی” ٣٧ ساڵ تەمەن، خەڵکی سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لەو شارە دەستبەسەر کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیان کوتاوەتە سار ماڵی ناوبراو پاش دەستبەسەری ڕایان گواستووە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی حکوومەت لەو شارە و هاوکات دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵەکەی و هەندێ کەلووپەلی تایبەتی وەکوو لۆپ تۆپ و هاڕد و دیسکی ناوبراویان لە گەڵ خۆیان بردووە.

لە لایەکی ترەوە بڕوامەندێکی دیکەی کریستیانی بە ناوی” مێهدی ئیبراهیم زادە” ٣٧ ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری سەردەشت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت لە پارێزگای فارس دەستبەسەر کراوە.

جێی باسە کە تا ئێستە هۆکاری دەستبەسەری ئەم دوو هاوڵاتییە ئاشکراوە نەکراوە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بەم دوو حاڵەتەوە ١۵٧ هاوڵاتی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان