KMMK:
دووشەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٠ی کوردی، پەنابەرێکی کورد بە ناوی “مەسعوود قادری” خەڵکی بۆکان لە کانتۆنی گلارووسی سویسرا دەستی دایە خۆکوژی و گیانی خۆی لە دەست داوە.
ئەم پەنابەرە کوردەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پەنای بۆ دەوڵەتی سویسرا بردبوو و داوای پەنابەری کردبوو، خۆی خستۆتە سەر هێڵی شەمەندەفەر و بە هۆی بەرکەوتنی شەمەندەفەر هەر ئەو کاتە گیانی خۆی لە دەست داوە.
مەسعوود قادری دوو ساڵ بەرێ وەکوو پەنابەر چووەتە وڵاتی سویسرا و دوو مانگی ڕابردوو دۆسیەی پەنابەری ناوبراو لە لایەن ئیدارەی کۆچبەرانی ئەو وڵاتە ڕەت کراوەتەوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو پولیسی سویسرا بەم پەنابەرە کوردەی ڕاگەیاندبوو کە بە زوویی دیپۆڕتی ئێران دەکرێتەوە و ئەم پەنابەرە بەم هۆیە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
زۆرینەی پەنابەرانی کورد کە پەنا دەبەنە وڵاتانی ئەورووپایی، لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە بە هۆکاری سیاسیی دەکەونە مەترسییەوە و شوێنیان دەکەون و ئەم کەسانە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ڕۆژهەڵات بە جێ دەهێڵن و پەنا دەبەنە بەر وڵاتانی ئەورووپی.
وەرنەگرتنی داواکاری پەنابەری و هەندێ جاریش هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوەیان بۆ ئێران، ئەم پەنابەرانە دەخاتە حاڵەتێکی نەخوازراوەوە بۆیە دەست دەدەنە ئەو مەترسییانەی کە قەرەبوو ناکرێنەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان