دوو کۆڵبەر لە هێڵی سنووری چالدێران و پیرانشار بریندار بوون

KMMK:

یەکشەممە دووی خەرمانانی ٢٧٢٠ی کوردی، هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لە کوێستانەکانی قەندیل تەقەیان لە کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی «محەممەد سەلیمی» کرد و لە ئەنجامدا فیشەکێک بە پێی کەوت و برینداربوو.
هاوکات و هەر لەو ڕێکەوتە لە ناوچەی سنوور چالدێران کۆڵبەرێکی خەڵکی چالدێران بە ناوی «تورەج محەممەدپوور میلان» لە بەرزاییەکانی سنووری ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بە گرانی بریندار بووە.
ناوبراو بۆ چارەسەری بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ ڕاگواستراوە.
ئەم دوو کۆڵبەرە هاوڕێ لە گەڵ کۆڵبەرانی دیکە سەرقاڵی کۆڵبەری بوون و هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران بە بێ هۆشداری پێدانی پێشوەختە دەیان کەنە ئامانج، لە ئەنجامدا ئەم دوو هاوڵاتییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار دەبن.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم دوو کۆڵبەرەوە ١١۶ کۆڵبەر و کاسبکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و هەندێ جاریش تورکیا بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان