زارا جەماڵی رەوانەی گرتوخانە کرا

KMMK:
دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ۲۷۲۰ی کوردی، زارا جەماڵی چالاکی مەدەنی خەڵکی کەنگاوەر، پاش خوناساندنی بە دادسەرای حکومەتی ئێران لەو شارە، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوا لە کرماشان کرا.
دادوەرێک بەناوی  «ئەحمەدیان» حوکمی دەستبەسەر کردنی ناوبراوی دابوو.
٨ی ڕەشەمەی ساڵی ۲۷۱۸ی کوردی، ئەو ژنە چالاکە هاوکات لەگەڵ خوشکەکەی بە ناوی «سەمیرا» و زاواکەی بەناوی «عەلی قولی ‌لوو»  پاش دروستکردنی کورتە ڤیدیۆیەکی یەک سەبارەت بە “حیجابی زۆرەملێ” لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون.

جێی ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەتییەکان پاش هێرش کردنەوە سەر ماڵی ئەو ژنە چالاکە و دەسبەسەر کردنی، پاش چەند ڕۆژ لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتەی ٥٠ ملیۆن تمەنی تا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوو.

زارا جەماڵی لەلایەن «حوزە  خواهران و برادران« هەڕەشەی لەسەر بڵاو کرابووەوە و داوای ئەشەدی سزایان بۆ کردبوو. هەروەها پێشنوێژی هەینیی شاری کەنگاوەریش داوای تێزاوڕشتنی بەسەر ئەو چالاکە و خوشکەکەی کردبوو.

لقی ٥ی دادگای «انقلاب ایران» لە شاری کرماشان ئەو ژنە چالاکە مەدەنییەی بە تاوانی «پڕوپاگەندە دژی حکومەت» بە ساڵێک زیندانی مەحکووم کرد، بەڵام دواتر لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٦ مانگ کەم کرایەوە. دادگای «کیفری» ئێران لە شاری کەنگاوەریش ناوبراوی بە تۆمەتی «کشف حجاب» و «بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و فەحشا»بە ٩١ ڕۆژ زیندان و هەروەها دوو ملیۆن تەمەن سزای نەختی و ٥٤٨ کاتژمێر وانەوتنەوە لەسەر «عفاف و حجاب» مەحکووم کردبوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان