KMMK:
ئەنوەر نیلوفەڕی هاوڵاتی مەهابادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پەنای بۆ وڵاتی یۆنان بردووە، بە هۆی وەڵام نەدانەوەی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە داواکارییەکەی ماوەی 56 ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە.
بە گوێرەی هەواڵەکە ئەنوەر نیلوفەڕی ماوەی پێنج ساڵە کە پەنای بۆ یۆنان بردووە و پاش وەرگرتنی ئەقامەی سیاسیی لەم وڵاتە، بۆ وڵاتی سوید کۆچ دەکات، حکوومەتی وڵاتی سوید لە گەڵ گەیشتنی ناوبراو دەگەڕێنێتەوە بۆ یۆنان.
وڵاتی یۆنان پاش گەڕانەوە سەرلەنوێی ئەم پەنابەرە کوردە ئامادە نەبووە کە ئەقامەکەی بۆ نوێ بکاتەوە.
هەر بەم هۆیە لە دۆخێکی ناجێگیری ڕۆحی و جەستەییدایە.
بە پێی درێژبوونەوەی مانگرتنەکەی، تەندرووستی ناوبراو لە مەترسی جیددی دایە. دیپۆڕت کردنەوی ئەم هاوڵاتییە کوردە بۆ ئێران ژیانی ئەم پەنابەرە دەخاتەوە مەترسییەوە.
مانگرتن لە خواردنی ئەم هاوڵاتییە کوردستانییە لە کاتێکدایە کە هەنووکە ڕێژەیەکی لە ڕادەبەدەری هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری سیاسەتە کولونیاگەری و هەڵاواردنی حکوومەتی ئێران ناچاربوون وڵات بە جێبهێڵن و پەنا بۆ وڵاتانی دیکە بۆ وێنە یۆنان ببەن.
دۆخی ئەم پەنابەرانە لە گرانیدایە و سیاسەتی دژە پەنابەری یەکێتی ئەورووپا دۆخی ئەم کەسانەی خراپتر کردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان