هەورامان: کوشتن و دزینی ئەسپی کۆڵبەر و کاسبکاران لە لایەن چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران ـەوە

KMMK:

ڕۆژی سێشەممە ١۴ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بۆسەیەکدا کە بۆ کۆڵبەر و کاسبکارانی دەنێنەوە ٣ ئەسپی کاسبکاران دەکوژن و ١۶ ئەسپیش دەدزن و ئەسپێکیش لە هەڵدێر دەکەوێتە خوارەوە و دەکوژرێ.

بە گوێرەی هەواڵەکە؛ ئەم ڕووداوە لە گەردەنەی تەتەی هەورامان لە نێزیک شوێنێک بە ناوی قاوەخانەی عوسمان هاتۆتە ئاراوە و لەو شوێنە دەدرێنە بەر دەسڕێژی ئەم هێزانەی حکوومەتی ئێران.

شیاوی باسە هێزە چەکدارەکانی سنوور سپای پاسداران کە بۆ خۆیان مافیای ڕاگواستنی کەلووپەل و تەنانەت مادە هۆشبەرەکانن لە هەموو سنوورەکانی ئێران، بەڵام لە سەر ڕاگواستنی هەندی کەلووپەلی ئاسایی و ڕۆژانە هەڵدەکوتنە سەر کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و هەر ڕۆژە کارەساتێکی مرۆیی و ماڵی لێدەکەوێتەوە و تەنانەت دەست لە ئاژەڵ و باربەرانیش ناپارێزن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان