KMMK:
فەرانەک جەمشیدی چالاکی ژینگەپارێز و لە ئەندامانی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان کە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ ی کوردی لەماڵەکەی خۆی لە شاری سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، ماوەی دەستبەسەریەکەی بۆ مانگێکی دیکەیش درێژ کرایەوە.
شیاوی باسە کە فەرانەک جەمشیدی پێشتریش پاییزی ٢٧١٩ی کوردی، چەندد جار لە لایەن دامەزاوە ئەمنییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لە سەر جێبەجێ کرابوو.
گوشار و ئەشکەنجەی دەسەڵاتی ئێران بۆ سەر چالاکانی بوارە جیاجیاکانی کوردستان بە شێوەی سیستەمی بەردەوامە و کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بە لکاندنی حوکم و تۆمەتی ساختە کەلتووری کاری مەدەنی و جڤاکی قەتیس بکات، بە تایبەت ئەم گوشارە لە سەر ڕەگەزی ژن گورجتر و سیستەمی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی دژە ژن ناتوانێ چالاکی و پێشەنگایەتی ژنان لە کۆمەڵگا ببینێ و هەڵوێست نەنوێنێ.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان