KMMK:
دادگای ئینقلابی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ١٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی شاری بانە کە بەرانبەر بە کوشتنی کۆڵبەران ناڕەزاییان نیشان دا و لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی دەربڕیندا بەشداریان کردبوو، حوکمی زیندان و غەرامەی نەخت و لێدانی قامچی دیاری کرد.
بە گوێرەی هەواڵەکە: ” موحسین قادری، سەردار ئەمین پوور، یاسین عوسمانی، بەرزان ڕەحیمی، ئازاد مەحموودزادە، شارام ساڵحی، ئاکام ئەحمەدی، عیزەت ئەحمەدی، مێهدی ئەرخەوانی و ڕێبوار ساڵحی ” لە چالاکانی مەدەنی بانە هەر کامیان بە لێدانی ٢۵ زەبری قامچی، ٢۵ ملوێن تمەن غەرامە و ٣ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.
شیاوی باسە کە: ڕەوتی مەحکووم بوونی ئەم ڕێژە لە چالاکانی مەدەنی شاری بانە، بەشداری لە کوشتنی کۆڵبەران لە ساڵی ٢٧١۶ی کوردی ـیە، کە لەو کاتە بۆ کوشتنی دوو کۆڵبەر لە شاری بانە بەڕێوە چبوو.
چالاکانی ناوبراو لە هەمان ڕۆژانی دەسپێکی گردبوونەوەی ناڕەزایی دەستبەسەر و پاش ماوەیەک ئازاد ببوون بەڵام وادیارە دۆسیەی ئەوان لە لایەن سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە کراوەیی مابوویەوە و لە ماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو سەرجەم بە ٢۵٠ زەبری قامچی، ٣٠ مانگ زیندان و ٢۵٠ ملوێن تمەن غەرامەی نەخت بە دژی ئەوان دیاری کردووە.
جێی بیرهانینە کە: ساڵانە سەدان کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات لە گەڵ باشوور و باکووری کوردستان لە لایەن هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا و بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە لە ڕێی دابینکردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکانیان گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان