مێهران: تەقینەوەی مین چوار قوربانی لێکەوتەوە

KMMK:

ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، سێ هاوڵاتی بەناوەکانی: ” هادی ئومیدی، چراغ عەبدی و سەلیم تارات” بە هۆی تەقینەوەی مین لە دەڤەری ” کەلەقەندی مێهران لە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژران و هاوڵاتییەکیش بە ناوی مێهدی ئومید بە گرانی بریندار بوو.

بە گوێرەی هەواڵەکە: ئەم هاوڵاتییانە لەو ناوچەیەی کە ڕاگەیەدرابوو لە مینە چێنراوەکانی شەڕی ئێران ــ عێراق خاوێن کراونەتەوە تووشی ئەم ڕووداوە نەخوازراوە هاتوون.

شیاوی باسە: ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کانگای شەڕی داپڵۆسێنەری حکوومەتی داگیرکەری ئیسلامی ئێران بووە و هەیە هەر لە سەردەمی هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامی ئێران تا ئێستە سەنتەری شەڕ و زیندانی کردن و ئێعدام بووە و حکوومەتی ئێران هەرگیز لە پێناو ئەو جینایەتانەی دەیکات بەرپرسیارەتی ناگرێتە ئەستۆ و بۆ ئەم حاڵەتەیش کە لە هەر ڕوانگەیەکەوە چ مافناسی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە سەیر بکرێت بەرپرسیاری سەرەکی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانە بەڵام وێڕای قوربانی کردنی خەڵکی سڤیل کە ئەوپەڕی نامرۆڤانە و پێشێلکارییە چاوپۆشی لێدەکات.

لە کاتێکدا چوار هاوڵاتی لەم ڕووداوە بوونەتە قوربانی بۆ ئەوەی مافی خەسار بەرکەوتوان نەدرێت ڕایگەیاندووە کە ئەم حاڵەتە لە دەرەوەی سنووری ئێران بووە و بەو شێوازە خۆی لە بەرپرسیارەتی دەدزێتەوە لە کاتێکدا خەڵکی ناوچەکە و هەموو بەڵگەکان دەیسەلمێنن کە ناوچەی کەلەقەندی لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جوگرافیای سیاسیی هەنووکەی ئێرانە و بەرپرسی خاوێن کردنەوەی ئەو دەڤەرە لە ئەستۆی پاسدارێک بە ناوی ” حاجی دارابیان” دابووە کە ئەو ناوچەیەی وەکوو خاوێن کراوە ڕاگەیاندبوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان