سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵ زادە لەسێدارە دران

KMMK:
سێ شەممە ۲۴ پووشپەڕی ۲۷۲۰ی کوردی، دو گیراوی سیاسی بەناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵ زادە لە گرتوخانەی حکومەتی ئێران لە شاری ورمێ بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لەسێدارە دران.
بەپێی زانیارییەکان ئەمرۆ بەیانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسوڵ زادە لە بەشەکانی ۱و ۲ گرتوخانەی حکومەت لە ورمێ بۆ بەرێوەچوونی حوکمی لەسێدارەدانیان ڕاگوێزی بەشی تایبەت (قرنطینه) کرابوون و لەوێوە بۆ شوێنی سێدارە گوازراونەتەوە و لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارە دراون.
لە دوێنێوە تا ئەمرۆ ماڵباتی هەر دوو زیندانی لەبەر دەم گرتوخانەی ناوەندی حکومەتی ئێران لە ورمێ هەڵکەوتوو لە جادەی دەریا گردبوونەوە و خوازیاری دیتنی ئەو دوو گیراوە بوون.
حوکمی لەسێدارەدانی ئەو دوو گەنجە تەواو ناعادڵانەیە و زۆرەملی بووە و دادگا ئەو بڕیارەی بەپێی دانپێدانانی زۆرەملی ئەو دوو گەنجە کە لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمینییەکان دابوون، دەرکردووە.
ئەو دوو گیراوە سیاسیە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە ساڵی ۲۷۱۰ کوردی لە دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەهاباد بە لەسێدارەدان مەحکووم کرابوون.
کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو دوو گەنجەی بە بەشداری لە چالاکی بۆمبدانان تۆمەتبار کردبوو کە لە لایەن هەر دووک گیراو بەتوندی رەت کرابۆوە.
ئەو دوو گیراوە سیاسییە لە کاتی گیران و لێپرسینەوە دا ڕوبەڕووی ئەشکەنجە و بێحورمەتی زۆر بوونەوە و حکومەتی ئێران بە ئەشکەنجە و زەخت و گوشار ئەوانی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملی و ناراست کردبوو. ئەو تۆمەتانە هیچ کامیان درووست نەبوون و هیچ بەڵگەیەک بۆ ڕاست بوونی ئەو تۆمەتانە لە لایەن حکومەتی ئێرانوە نیشان نەدراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان