ڕەزا مەلازادە تووشی کورۆنا بوو

KMMK:

زیندانی سیاسی کورد” ڕەزا مەلازادە” بەندکراو لە زیندانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرازجان پارێزگای بووشەهر تووشی کورۆنا بوو.

بە گوێرەی هەواڵەکە: ڕەزا مەلازادە پاش جێبەجێ کردنی تاقیکاری زانیویەتی کە تووشی کورۆنا بووە بەڵام بەم حاڵەشەوە مۆڵەتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندانی پێنەدراوە. تەنیا لە بێهداری زیندان چارەسەری بۆ دەکرێ.

ڕەزا مەلازادە لە کاتی تێپەڕاندنی خولی ١۶ ساڵەی زیندانی خۆی لە زیندانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرا لە بەرازجانی بووشەهرە.

شیاوی باسە کە: ڕەزا مەلازادە خەڵکی گوندی ئاشناک ـی سەر بە شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ ـیە لە ساڵی ٢٧١٠ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سپای پاسداران لە نێزیکی کرماشان دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەم هێزانه ڕاگواستراو و پاشان ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.ناوبراو لە ساڵی ٢٧١١ی کوردی، لە لایەن دادگای ئینقلاب و گشتی حکوومەتی ئێران لە تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی ” محاربە” لە ڕێی ئەندامەتی لە گرووپە چەکدارەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا، کە ئەم حوکمە لە لایەن ڕەزا مەلازادەوە سکاڵای لە سەر بەرز کرایەوە و لە کۆتاییدا بۆ ١۵ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخستنەوە بۆ بەرازجان داشکا.

هەروەها ناوبراو لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی ” چوونەدەرەوە بە شێوەی نایاسایی لە سنوور” ساڵێک زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرابوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان