KMMK:
هەینی ١٣ پوشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، پاش بەدواداچوونی زۆر، بنەماڵەی زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی توانیویانە بۆ چەند خولەکێک لەگەڵ ناوبراو پەیوەندی تەلەفۆنیان هەبێت. زەینەب رایگەیاندوە کە ئەویان گواستوەتەوە بۆ بەندیخانە شاری کرمان.
ئەم بەندکراوە سیاسیە رایگەیاندوە کە: لەگەڵ ئەو هەڵسووکەوتی نەشیاو کراوە و لە کاتی گواستنەوەی بۆ بەندیخانە شاری کرمان بێ رێزی زۆری پێکراوە.ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە دیار نییە چی لێ دەکەن و هەواڵی بەردەوامی مانگرتنی خۆی راگەیاندوە و وتوویەتی تا کاتی سەر خستنی خوازیاریەکانی مانگرتنی خۆی درێژە پێ دەدات.
شایانی باسە کە: زەینەب جەلالیان لەم پەیوەندیە ٢ خولەکیەدا هەروەها وتوویەتی کە دیارنییە لە بەندیخانە کرمان بمێنێتەوە و ناوەند و دام و دەزگا حکوومیەکان بڕیارێکیان لەوبارەوە نەداوە.ئەمە لە حاڵێکدایە کە یەک شەممەی رابردوو چەند کەسێک لە هێزەکانی حکوومەتی ئێران کە خۆیان وەک چالاکی مافی مرۆڤ و ( کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان) ناساندووە، لەگەڵ بنەماڵەی ناوبراو قسەیان کردووە و پێیان وتوون کە لەگەڵ زەینەب جەلالیان چاوپێکەوتنیان کردوە و بارودۆخی باشە.
ئەم کەسانە کە بەناسناوی ساختەوە لەگەڵ بنەماڵەی زەینەب قسەیان کردووە: هەڕەشەیان کردوە لە بنەماڵەی زەینەب و وتوویانە کە زەینەب دەبێت مانگرتنەکەی کۆتایی پێ بهێنێت و لە بەر کامێرا دان بە تاوانەکانیدا بنێت و پەشیمان ببێتەوە و داوای لێخۆشبون لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکات.
شایانی باسە کە: زەینەب زۆر بە زەقی دژایەتی ئەم داوکاریەی کردوە و بنەماڵەکەی وتوویانە کە هیچ وڵامێکیان بەم کەسە نەناسراوانە نەداوەتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەوە رای دەگەیەنێت کە هیچ نوێنەرێکی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نیە و ئەم کردەوە پەیوەندی بە سپای پاسدارن و حکومەتی ئێرانەوە هەیە و رایدەگەیەنێت کە ئازادی زەینەب جەلالیان و بەندکراوانی سیاسی تر پێویست ناکات کە لەبەردەم کامێرا دان بەو تاوانە ساختانەدا بنێن و داوای لێخۆشبون بکەن، بەڕێوە بردنی مافی مرۆڤ، حکوومەتی یاسایی، دادگە و یاسای بێ لایەن و هاوڕەنگ لەگەڵ مافی مرۆڤ و ئازادی زەینەب و بەندکراوانی سیاسی تر لەخۆ دەگرێت و رێگا خۆشکەرە بۆ ئازادی ئەو کەسانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


