کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت ئاکارێکی نامرۆڤانە بوو کە تا ئێستاکەش قووربانی لێدەکەوێتەوە

Kmmk:

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان بە وەبیرهێنانەوەی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە 28 یونی 1987 زایینی کە لە لایان حکومەتی بەعسی ئێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حووسێن ئەنجامدرا و لە چەند خولەک گیانی سەدان مرۆڤی گرت و شوێنەواری تا ئێستا بەردەوامەو قوربانی لێدەکەوێتەوە، مەحکووم دەکا و بە هەڵسووکەوتێکی دژە مرۆڤایەتی دەزانێ و وەک جەنایەتێک دەنرخێنێ و هاوکات ئالیکاری نەکردن و پێڕانەگەیشتن لە بواری پزشکی بە کیمیاباران کراوەکان لە لایان کۆماری ئیسلامی ئێران وەک بەردەوامی ئەو جەنایەتە دژە مرۆڤایەتییە دەزانێ و مەحکوومی دەکا.

شاری سەردەشت وەک یەکەمین شار بێبەری لە هێزێکی چەکداری لە جیهان دا کە لەشەڕی نێوان ئێران و ئێراق چوار جار دوابەدوای یەک لە لایان هێزی ئاسمانی ئێراقەوە کرایە ئامانجی بۆمبارانی کیمیاوی کە هەر لە چەند خولەکی دەسپێکدا 110 کەس لە خەڵکی سویل کوژران و هەزاران ژن و منداڵ و پیاو بەهۆی ئەو گازە کیمیاوی و ژەهراویانە خەساری جددیان بەرکەوت کە تا ئێستا دوای 30 ساڵ ئاسەواری هەر دیارە و ساڵانە خەساری گیانی لێدەکەوێتەوە.

سەردەشت وەک یەکەم شار دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و ئەرێنی کردنی بەکارنەهێنانی چەکی کیمیاوی لە لایان کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی بکارهێنانی چەکی کیمیاوی، کیمیاباران کرا کە تێیدا هەشت‌هەزار کەس خەساریان بەرکەوت کە ئاماری نافەرمی بە لەبەر چاوگرتنی دانیشتووانی ئەوشارە تا دەهەزار کەس بووە.

برینداران و خەسار بەرکەوتووانی کارەساتی کیمیابارانی سەردەشت دوای ساڵانی زۆر و تا ئێستاش لە ئاسەواری ئەو گازە ژەهراویانە ڕووبەڕووی ئازارێکی زۆرن و پێڕانەگەیشتن و نەبوونی کەرەسەی پێویستی پزشکی بۆ ئەو نەخۆشانە پەرەپێدانی بەردەوامی سیاسەتە نامرۆڤانەیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان