KMMK:
بنەماڵەی ئاوات(عیسا) بازیار چالاکی مەدەنی و نووسەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایانگەیاندووە کە بەڕێز بازیار ماوەی دوو ڕۆژە لە دوای چوونەدەرەوەی لە ماڵ نەگەڕاوەتەوە و هیچ زانیارییەکیان لێ نییە.
کچی بەڕێز بازیار ڕایگەیاندووە کە سەردانی پولیسی تورکیایان کردووە و ئەوانیان لەم حاڵەتە ئاگادار کردۆتەوە و دۆسیەیان بۆ پێکهێناوە و داوایان لە پۆلیس کردووە تا بەدواداچوونی بۆ بکات.
شیاوی باسه کە ئاوات بازیار چەندد ڕۆژ پێشتر لە تویتێر و فەیسبووک باسی ئەوەی کردبوو کە لە لایەن چەندد کەسێکی نەناسراوەوە هەڕەشەی لێکراوە و هەروەها ڕایگەیاندبوو کە هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە.
ئاوات بازیار چالاکی مەدەنی و نووسەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ماوەی چەندد ساڵێکه لە گەڵ بنەماڵەکەی و بە هۆکاری سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی بە جێهێشتووە و لە تورکیا گیرساوەتەوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە پولیسی تورکیا لە چارەنووس و دۆخی ناوبراو زانیارییەکی بۆ بنەماڵەکەی دەرنەخستووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


