کرماشان: ژنێکی گەنجی تر بووە قوربانی کوشتنی نامووسی

KMMK:

پێنج شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی، ژنێکی گەنج بەناوی « سومەیە فەتحی» ١٨ ساڵان و خەڵکی کرماشان کە ژیانی هاوسەری پێک هێنابوو لە لایەن بنەماڵەکەیەوە بە دەرخوارد دانی بەزۆرەملی قورسی برنج دەکوژرێت.

بە پێی راپۆرتەکە: سومەیە خەڵکی گوندی قەڵا زەنجیری شاری داڵاهووە و دانیشتوی « دەڕە درێژ»ی سەر بە کرماشان بووە. ناوبراو لە لایەن باوک و براو و بنەماڵەکەیەوە بە هۆی ئەوەی کە گێشەی ناموسی و پەیوەندی لەگەڵ گەنجانی تردا ناوزەد دەکرێت کوژراوە.

بنەماڵەی سومەیە لە کاتێکدا ئەم تاوانەیان کردووە کە ناوبراو دووگیان بووە. تا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ کام لە بکوژان دەستبەسەر نەکراون.

کوشتنی ژنان لەژێر ناوی نامووس رۆژ لەدوای رۆژ پەرە دەسێنێت و هزری نەخۆشی کۆمەڵگای پیاو سالار بە پشتگەرمی به یاسا و ئایین و لە چوار چێوەی سزاگەلێک وەک سەربڕین، لەسێدارەدان و … بەرەو پێش دەچێت. بیرۆکەی چەق بەستوو کە چاوانی باوکێک لە بەرانبەر بەزەیی بۆ منداڵەکەی دادەخات و ئەم دیاردەیە بەشێوەیەکی داڕێژراو بەرەو زۆر بوون دەڕوات.

خۆکوژی ساڵانەی دەیان ژن بە هۆی باڵەکانی زەختکردن وەک هەڵاواردنی رەگەزی، پشت بەستوویی ئابووری، یاسای دژە ژن و یەکسانی، ئایین و… لە کۆمەڵگا بەدی دەکرێن.

بە پێی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵی زاینیەوە تا ئێستا بە ئەژمار کردنی ئەم کەسە ١٦ ژن خۆیان کوشتوە یان لە لایەن کەس و کاریانەوە کوژراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان