KMMK:
باری تەندرووستی زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد بەندکراو لە زیندانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قرچەکی وەرامین لە دۆخێکی پڕمەترسیدایە.
بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: زەینەب جەلالیان ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی، لە پێوەندییەکی تلەفوونییەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە لە بواری جەستەیی و ڕۆحییەوە لەدۆخێکی زۆر نەگونجاودایە.
زەینەب جەلالیان ئاشـکرای کردووە: ” زیندان و بەندی شوێنی ڕاگیرانم لە بواری بێهداشتییەوە لە دۆخێکی زۆر نەگونجاودایە، بە شێوەیەک کە ڕۆژانە چەندد زیندانی بە بێ لە بەرچاو گرتنی یاسا ڕاگەیەندراوەکانی دژ بە کورۆنا جێبەجێ دەکرێن. ڕۆژانە کەسانێک لە بەند دەکرێنە دەرەوە و کەسانی نوێ جێیان دەگرنەوە. خۆراکی زیندان تەواو پیس و پۆخڵە و بۆ خواردن نابێت.”
ئەم چالاکە سیاسییە هەروەها کوتی؛” لە چەندد ڕۆژی ڕابردوو منیان بە بۆنەی کۆخەی قورس و هەناسەسواری بۆ بێهداری زیندان گواستەوە، لەوێدا دوکتۆر پاش جێبەجێکردنی تاقیکاری تووشبوونی من بە ڤایرۆسی کورۆنای ڕاگەیاند و کوتی سییەکانی من خەساری گرانیان بەرکەوتووە و خاڵێکی ڕەش لە سەر سییەکانم دەرکەوتووە. دوکتۆر وێڕای دیاری کردنی هەندێ دەرمان کوتی ئەو دەرمانەی پێم داوی تەنیا بۆ تێپەڕاندنی سیکلی نۆڕماڵی نەخۆشییەکەتانە بەڵام لەم دۆخەدا پێویستە ببرێیتە نەخۆشخانە و پاراستنی تایبەتت لێ بکرێت بەڵام سەرەڕای داوای دوکتۆر، لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە دژایەتی کرا بەرانبەر بە ڕاگواستنی من بۆ دەرەوەی زیندان.”
زەینەب جەلالیان لە درێژەدا کوتی: ” نەخۆشی کورۆنا وێڕای نەخۆشییەکانی پێشووترم جگە لە لاوازتر بوونی دۆخی جەستەیم لە بواری ڕۆحییەوەیش کاریگەری لە سەر داناوم و هەنووکە لە ژێر گوشار و شێوازی هەڵسووکەوتی بەرپرسانی زیندان لە بواری ڕۆحییەوە لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدام.”
شیاوی باسە کە: بنەماڵەی ناوبراو وێڕای دەربڕینی دڵگرانی لە دۆخی ئەم ئەندامەی بنەماڵەکەیان، داوایان لە چالاکانی مافی مرۆڤ، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی بەرگری لە مافی زیندانیانی سیاسی، ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤی، ڕێکخراوی جیهانی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و توندوتیژی CPT، و کۆمەڵگای جیهانی کرد کە بەرانبەر بە دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە بێدەنگ نەبن و ببن بە دەنگی بنەماڵەی زەینەب جەلالیان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای دەربڕینی دڵگرانی لەمەڕ دۆخی سڵامەتی زەینەب جەلالیان، شێوازی هەڵسووکەوتی بەرپرسانی زیندان لە گەڵ ئەم زیندانییە سیاسیە بە پێشێل کردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ و هەروەها پێشێل کردنی مافی زیندانیانی سیاسی دەزانێ و ئەوەیش بە سەپاندنی ئاشکرای ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و ڕۆحی دژ بە زەینەب جەلالیان ناوزەد دەکا. کەوابوو لە ئەگەری هاتنە ئارای هەر چەشنە ڕووداوێکی نەخوازراو کە ببێتە هۆی خراپتربوونی سڵامەتی جەستەیی و ڕۆحی زەینەب جەلالیان سیستەمی قەزایی، ڕێکخڕاوی زیندنی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە کۆتاییدا حکوومەتی ئێران بە بەرپرسیار دەزانێ.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســــــــتان