KMMK:
ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی، ڕۆژنامەوان و زیندانی لە مێژینەی کوردی خەڵکی لۆڕستان “نەسروڵڵا لەشێنی” لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستبەسەر و دیپۆڕت ئێران کرایەوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە: هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ناوبراویان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری خۆی کردۆتەوە و دەستبەسەر کراوە و ڕۆژی دووشەممە لە پێوەندییەکی تلەفوونیدا دەستبەسەری خۆی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە بەڵام شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو تا ئێستە ناڕوونە.
شیاوی باسە نەسروڵڵا لەشێنی جۆزەردانی ٢٧١٣ی کوردی دەستبەسەر و پاش دوو مانگ زیندانی تاکەکەسی، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و گوڵانی ٢٧١٤ لە لایەن دادوەر سەڵەواتی بە ۶ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ قەدەغە کردن ئەندامەتی لە حیزبەکان، گرووپە سیاسیی و کۆمەڵایەتی ڕاگەیاندن و پێگەیەنەرەکان مەحکووم کرا.
دادوەری دۆسیەکەی هەروەها مەقالەکانی ئەم چالاکە سیاسییەی وەکوو پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات نرخاند وساڵێک زیندانیشیی بۆ ئەم بابەتە بەسەریدا سەپاند. دوسیەکەی نێردرا بۆ لقی ٣۶ی دادگای پێداچوونەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر زەرگەر و وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە. ناوبراو ڕێکەوتی ۴ی جۆزەردانی ٢٧١۶ی کوردی، بۆ تێپەڕاندنی ۶ ساڵ زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندان کرا و تا ساڵی ٢٧١٩ لە زیندانی ئەڤین لە زینداندا بوو پاشان مەرەخەسی پێدراو هەر لە کاتی پشوودا لە ئێران دەربازی باشووری کوردستان بوو لە شاری سلێمانی گیرسایەوە. پاشان حەوتووی ڕابردوو بە بۆنەی ئەوەی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی لە سەر بوو بڕیاریدا دەربازی تورکیا ببێت بەڵام لە لایەن هێزە سنوورییەکانی تورکیاوە دەستبەسەر و ڕادەستی ئێران کراوەتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان