KMMK:
بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: حوکمی ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری “سدیق سەیفی” هاوڵاتی خەڵکی دیواندەرە کە پێشتر لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە شاری ســنە بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە ڕێی هاریکاری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سەپێنرابوو لە دادگای پێداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم پارێزگایە وەکوو خۆی پەسند کراوە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا “ئیرەج سۆفی محەممەد” هاوڵاتی خەڵکی مەهاباد کە نێزیک بە ٨ مانگ پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر “عەلی شێخ لوو” بە تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” لە ڕێی ئەندامەتی لە گرووپە توندڕەوە ئاینیەکان ١۵ ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێنراوە.
چوارشەممە ٣١ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی ـیش “سامان قادر نەژاد” لە چالاکانی مەدەنی شاری ســنە بۆ ناوەندی هەواڵگری ئیتلاعات ١١٣ باگهێشت و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینەوەی لەسەر جێبەجێ کراوە.
لەم لێپرسینەوەدا لەهەمبەر ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار لە ساڵی ٢٧١٩ی کوردی و چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێپێچینەوەی لەسەر کراوە. لەم لێکۆڵینەوەدا گوشاری خراوەتسەر کە بەڵێن بدات هیچ چەشنە چالاکییەکی نەبێت. هاوکات هەڕەشەیان لێکردووە، لە حاڵەتێکدا دەستبەسەری بکەن، لانیکەم ۶ مان زیندان دەکرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان