ئەگەری دیپۆرتی گەنجێکی کورد لە لایەن دەوڵەتی سویسەوە بۆ ئێران لە ئارادایە

KMMK:

دەوڵەتی سویس بە تەمایە گەنجێک بە ناوی ” عەلی بووستانچی نالووسی” تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری شــنۆ بۆ ئێران دیپۆرت بکاتەوە.

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕێخراوی پەنابەرانی دەوڵەتی سویس وێڕای ڕەت کردنەوەی داواکاری پەنابەری بەڕێز نالووسی بە ناوبراو تا ڕێکەوتی ٣ی ژوئێنی ٢٠٢٠ی زاینیی مۆڵەتی بەرگری کردن لە کەیسی پەنابەری خۆی داوە.

بە پێی ڕاگەیەنی ڕێخراوی پەنابەری دەوڵەتی سویس، لە ڕێکەوتی دیارکراو ئەم گەنجە کوردە بۆ وڵاتی ئێران دیپۆرت دەکرێتەوە. لە وتووێژێکدا کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە گەڵ عەلی بوستانچی بە ئەنجامی گەیاندووە، ناوبراو ئاشکرای کرد: کە بە پێی دۆسیەی چالاکییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئەگەری دیپۆڕت کردنەوەی ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە و ئەگەری سەپاندنی حوکمی ئێعدامی ئەم گەنجە لە لایەن سیستەمی قەزایی ئێران لە ئارادایە.

ناوبڕاو لە درێژەدا دەڵێ؛ هەر لە یەکەم ڕۆژانی ڕەت کردنەوەی داواکاری پەنابەری لە لایەن دەوڵەتی سویسەوە، لە ڕێگەی پارێزەرەوە ناڕەزایی خۆی دەربڕیووە بەڵام بەو حاڵەشەوە دەوڵەتی سویس سوورە لە سەر دیپۆڕت کردنەوەی ناوبراو، تەنانەت بە هۆی ترس لە دیپۆڕت و ئەشکەنجە و دۆخی ڕۆحی کە لە ئەگەری دیپۆرت بۆ ئێران ڕەنگە تووشی ببێت دەستی داوەتە خۆکوژی و بۆ ماوەی سێ مانگ لە نەخۆشخانیەکی تایبەتی بە نەخۆشی دەروونی ڕاگیراوە.

شیاوی باسه کە: عەلی بووستانچی خێزاندار و خاوەنی منداڵێکیشە کە لە سەرنموونەی چالاکییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەشداری چالاک لە ناڕەزایی دەربڕینەکانی ٢٧١٧ی کوردی، چالاکی بە دژی سیاسەتی هەڵاواردنی کۆماری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بنیات نانی کەمپەینگەلی جڤاکی،چالاکی دژی سیستەمی دەسەڵاتداریەتی دەوڵەتی ئێران لە فەزای مەجازی و بەشداری لەو گردبوونەوەکانی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی بووە.

بە پێی لێدوانەکانی ئەم گەنجەی خەڵکی شاری شـنۆ و نواندنی بەڵگەی سەلمێنراو بۆ ڕێخراوی پەنابەرانی دەوڵەتی سویس هەروەها هەبوونی پێشینەی سیاسی کە لە بنەماڵەکەیدا بوونی هەیە، دیپۆرت کردنەوەی ئەم هاوڵاتییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی سویسەوە کردەویەکی پێچەوانەی کونوانسیۆنییە جیهانییەکانی پاراستنی پەنابەرانی سیاسی و پێشێلکاری ئاشرای مافی پەنابەران و مافی مرۆڤە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێخراوە جیهانییەکانی بەرگری لە پەنابەران، کومیساریای بەرگری لە پەنابەرانی ڕێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەگەلی سیاسی و مەدەنی کوردستان دەکات کە بە پێی پێشینەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەندد ڕووداوی ئێعدامی پەنابەرانی دیپۆرت کراو، لەهەمبەر دۆخی ئەم چالاکە کوردە بێدەنگ نەبن و ئەوپەڕی هەوڵی و تێکۆشانی خۆیان لە چوارچێوەی بوونی ڕۆڵ لە دۆخی کەیسی بەڕێز بووستانچی نالووسی بە ئەنجام بگەیەنن بۆ ئەوەی ڕێگری لە دیپۆرت کردنەوەی ناوبراو بۆ ئێران بگرێ.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان