وێنەگرێک لە شاری سنە بۆ ناوەندە ئەمینیەکان بانگهێشت کرا

KMMK:

لە چەندد ڕۆژی ڕابردوو “مێهدی تەوەکولی” وێنەگری بەناوبانگی خەڵکی شاری سنە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێرانەوە لەو شارە بانگهێشت کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە؛ سەبارەت بە چالاکییەکانی لێپێچینەوەی لەسەر جێبەجێ کرا و پێی ڕاگەیەندڕاوە کە هەنووکە مافی چوونە دەرەوەی لە شاری سنەی نییە.

شیاوی باسە مێهدی تەوەکولی ٢١ی ڕەزبەری ٢٧١٧ی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لەشاری سنە دەستبەسەر و پاش ٣۵ ڕۆژ لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەت لە شاری سنە ڕاگواسترا و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و پووشپەڕی ساڵی ۲۷۱٨ لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەت لە شاری سنە بە تۆمەتی “هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نەتوەیی” بە دوو ساڵ زیندان کە ساڵێکی تەعزیری بوو مەحکووم کرا و پاش تێپەڕاندنی حوکمەکەی ساڵی ٢٧١٩ی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

جێی بیرهێنانەوەیە، مێهدی تەوەکولی مامۆستا و ڕاهێنەری وێنەگری ئەنجوومەنی سینەمای گەنجی کوردستانە. ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندد پیشانگای وێنە بە مژارەکانی ” ئاوەرەکانی شەنگاڵ و کۆبانی لە هەرێمێ کوردستان” لە شاری سنە بەڕێوە بردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان