KMMK:
لە رۆژانی سەرەتایی مانگی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی: بە کەم بوونەوەی گەرمی هەواڵەکانی کرۆنا لە زۆربەی شوێنەکانی دونیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر سێبەری هەواڵەکانی کرۆنا و بۆ بەلاڕێ بردنی هزری گشتی سەبارەت بە ناکارامەیی و دۆڕانی سیاسەتەکانی لە بواری پزیشکی و تەندرووستی لە رۆژهەڵاتی کوردستان شەپۆلێکی نوێ لە دەست بەسەر کردن، لەسێدارە دان و سەپاندنی سزای قورسی بەڕێ خستوە.
بەلەبەرچاو گرتنی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە مانگی رابردوو و چاو خشاندنێک بە ئامارەکان سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەوڕووی شەپۆلێک لە کردەوەی هەڵاوردەیی و تارادەیەکی زۆر توندڕەوانەی هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بەشەی لە کوردستان دەبینەوە.
لەم بوارەدا دەکرێت ئاماژە بە کوشتنی لانیکەم ٤ کۆڵبەر بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکان، دەستبەسەر کردنی بەرفراوان لە سنە، بۆکان، سەردەشت، بانە و…، سەپاندنی سزای قورس بەسەر رێژەیەک لە بەندکراوانی سیاسی وەک سەید ئارمان ئەمین زادە، و بەڕێوە بردنی ژمارەیەک لەسێدارەدان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنە و ورمێ، بکەین.
ئەم خاڵانەی خرانە روو و ژمارەیەک هەواڵ وراپۆرت کە رۆژانە لە ماڵپەڕی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاو دەبێتەوە، هێمای کردەوەی دەست ئەنقەستی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە نائاسایی کردن و ژێر پێنانی مافی شارۆمەندی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
لەم بارەوە و بە پێی راپۆرتێکی KMMK: لە بەڕواری ١٥ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، « واحید قادری، ئەحەد مەحمود حەسەن، ئەبوبەکر موحەمەد حەسەن» خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون بۆ شوێنێکی نادیار براون.
لەلایەکی ترەوە لە رۆژی سێ شەممە ١٦ی گوڵان پێنج شارۆمەندی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی« عەلی قادری کوڕی رەسوڵ، حیسامەدینی پیرانی کوڕی زاهیر و سەلام باپیروندخەری ئاغڵان» لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار براون.
هەر لەم بارەوە و بە جیاوازی چەند رۆژێک راپۆرتی دەستبەسەر کردنی سێ شارۆمەندی تری پیرانشار بە ناوەکانی« ئەسعەد سور لاچینی، رێبوار سەید موحەمەدی و خالید سەید موحەمەدی» گەیشتە بنکەی هەواڵگری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان.
جێگای ئاماژەیە: لە هەواڵێکی جیاوازدا و لە بەڕواری ٢/ی گوڵان هەواڵی دەستبەسەر کردنی« سەمیع شەریفیان» لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کرویەوە.
دەبێت ئاماژە بکرێت: لەکاتی دەستبەسەر کردنی ئەم کەسانە، هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ بەڵگەی دادگەیان نەخستوەتە روو و تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە لە شوێنی هێشتنەوە و دۆخی ئەم کەسانە هەواڵێک لەبەردەست نییە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان