KMMK:
ڕۆژی پێنجشەممە ٢۵ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، هاوڵاتییەکی ۴۶ ساڵ تەمەن بە ناونیشانی “محەممەد ساڵحی” خەڵکی گوندی “خوری ئاوای “سەر بە شاری بانە لە کوێستانی هەرمێ دۆڵ، بە هۆی تەقینەوەی مین پێیەکی پەڕی و بوو بە کەمئەندام.
بە گوێرەی هەواڵەکە: ناوبراو بۆ چنینەوەی گژوگیای بەهاری چبووە ئەو کوێستانە و پاش ڕوودانی ڕووداوەکە بە یارمەتی خەڵکی ئەو دەڤەرە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کرا و ئێستە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.
شیاوی باسە: سەرەڕای ئەوەی ساڵانێک بە سەر شەڕی ئێران ــ عێراقدا تێدەپەڕێ و هەموو شوێنەکان بە پێی ڕاگەیاندنی تیمەکانی کۆکردنەوەی مین و دیکەی تەقەمەنییەکانی دوایی شەڕ خاوێن کراونەتەوە هێشتا پێنج پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارەساتی دڵتەزێنی لەو شێوەی لێدەکەوێتەوە و سپای پاسداران ئێستەیش زۆرجار و لە زۆر شوێن مین دەچێنێ.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە لە ڕۆژهەڵاتی کردستان بە هۆی تەقینەوەی مین ٢ هاوڵاتی کوژراون و بەم ڕووداوەیشەوە ۵ هاوڵاتی بریندار و کەمئەندام بوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان