پشتڕاست کردنەوەی ١١ ساڵ زیندانی هاوڵاتییەک لە دیوانی باڵای وڵاتی ئێران

KMMK:

دیوانی باڵای وڵاتی ئێران حوکم ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مامۆستایەکی قوتابخانە، خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی بۆکان بە ناوی “سەید ئارام ئەمین زادە” کە ساڵی پار لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە ورمێ دیاری کرابوو، ڕۆژی ٢٣ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی بە شێوەی فەرمی لە زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ پێی ڕاگەیەندرا.

ئەم مامۆستایە بە تۆمەتی ” هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ١٠ ساڵ زیندان و ” پڕوپاگەندە دژ بە دەسەڵات” بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

هەروەها لە گەڵ یەکلایی بوونەوەی حوکمەکەی مانگی خەزەڵوەری ساڵی پار لە لایەن دادگای پێداچوونەوە، وەدەر نانی ناوبراو لە ئیدارەی پەروەردە و فێرکار پێی ڕاگەیەندرا.

بە گوێرەی هەواڵەکان: ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردی سەید ئارام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێڕان لە قوتابخانەی گوندێکی شاری بۆکان دەستبەسەر و پاش مانگ و نیوێک لێپێچینەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ورمێ ڕاگواسترا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان