KMMK:
یەکشەممە ٢١ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، سەعید ڕەشیدی و محەممەد عەلی لەشکەری لە ئەندامانی مەکتەب قورئان لە مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
دەستبەسەری ئەم دوو هاوڵاتییە مەهابادییە بە تەواوی نایاسایی(بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت و بە بێ ناردنی نامەی بانگهێشت) لە لایەن هێزە ئەمنییەکان هاتۆتە ئاراوە. هەر دوو کەس پاش دەستبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراون.
بە گوێرەی هەواڵەکە؛ کاتژمێر ٩ی سەر لەبەیانی، هێزەکانی پاسگای ئینتزامی ژمارە ١١، سەعید ڕەشیدی یان بانگهێشت و پاش کاتژمێرێک هێزە ئینتزامییەکان ناوبراویان لە گەڵ خۆیان بردووە بۆ شوێنێکی نادیار.
هاوکات لە گەڵ دەستبەسەری سەعید ڕەشیدی، هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان دەچنە شوێنی کاری محەممەد عەلی لەشکەری و دەستبەسەری دەکەن و بە کەلەبچەوە بۆ شوێنێکی نادیاری دەبەن.
شیاوی باسە بە دواداچوونی بنەماڵەی ئەم دوو هاوڵاتییە دەستبەسەر کراوە تا ئێستە بە ئەنجام نەگەیشتووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


