KMMK:
سێشەممە ١۶ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەشی کەرەنتینەی زیندانی ئەم حکوومەتە لە قرچەکی وەرامین ڕاگواستراوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە: زەینەب جەلالیان کە ڕۆژی دووشەممە ٨ی گوڵان بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە زیندانی هەڵکەوتوو لە شاری خۆی بە کەلەبچە و پێبەند، دەستپێک بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ و پاشان بۆ کرماشان ڕاگواسترابوو.
بە پێی هەواڵی هەواڵنێری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: بەرپرسانی زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ و کرماشان لە وەرگرتنی زەینەب جەلالیان خۆیان بواردووە، هەر بەم هەۆیە گواستراوەتەوە بۆ بەشی کەرەنتینەی زیندانی قرچەک وەرامین.
زەینەب جەلالیان ساڵی ٢٧٠۶ی کوردی، لە کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر و پاش تێپەڕاندنی چەندد مانگ ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و ڕۆحی لە دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و چەندد تۆمەتی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کرا.
حوکمی ئێعدامی زەینەب جەلالیان لە ساڵی ٢٧١١ی کوردی، لە دادگای پێداچوونەوە بۆ زیندانی تاهەتایی داشکا و ناوبراو لە ساڵی ٢٧١٣ی کوردی، بۆ زێندانی حکوومەتی ئێران هەڵکەوتە لە شوێنی ژیانی لە شاری خۆی ڕاگواسترا.
شیاوی باسە کە زەینەب جەلالیان لە ماوەی ژیانی ناوزیندان بە دەیان جار کەوتۆتە بەر ئازاری جەستەیی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی تلەفزیۆنی.
هەروەها ناوبراو هەنووکە بە بۆنەی نەخۆشی برفک و ناخونەکی چاو، میگرێن و چەندد نەخۆشی دیکە ئازار دەبینێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان